بینینی هەواڵ
بینینی تەواوی زانیارییەکانی هەواڵەکە
پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى پیرمام مزگێنی (2026-05-05)
پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى پیرمام مزگێنی چارەسەربوونى پرسێکى گرنگ بە قوتابی و دەرچووەکانى دەدات "دەرچووانى بەشە پزیشکییەکانى پەیمانگە تەکنیکی و پیشەییەکان دەتوانن ببنە ئەندامى سەندیکاى کارمەندانى تەندرووستى" دواى ئەوەى بەهۆى لێکتێنەگەیشتنێک، کێشە بۆ چارەنووسى پیشەیى قوتابییانى پەیمانگە پیشەیى و تەکنییکییەکان درووست بوو و دەرچووانى بەشە پزیشکییەکانى ئەو پەیمانگەیانە، نەیاندەتوانى ببنە ئەندامى سەندیکاى کارمەندانى تەندرووستى، راگرایەتى پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى پیرمام، بە پشتیوانى بۆردى دامەزراوەى شەهید بۆ پەروەردە و خوێندنى باڵا(کە پەیمانگەى پیرمام سەر بە دامەزراوەى شەهیدە)، بە خەمخۆرى و وردبینییەوە قۆڵى لێ هەڵماڵى و هاوڕێ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى تر، کەوتە ناو پڕۆسەیەکى هەمەلایەنى بەدواداچوون و دۆزینەوەى چارەسەر. بەخۆشحاڵییەوە هەموو لایەنەکان زۆر بە خەمخۆرى و گیانى لێکتێگەیشتنەوە هاتنەناو و بە مەبەستى دۆزینەوەى چارەسەرێکى ریشەیى، ئەوەى لە دەستیان هات درێغیان نەکرد. سەرەنجام ئەو کێشەیە بە یەکجارى کۆتایى پێهات، کە بەپێى ئەو چارەسەرە، لەمەولا دەرچووانى بەشە پزیشکییەکانى پەیمانگە تەکنیکى و پیشەییەکان، دەتوانن بە بێ کێشە ببنە ئەندامى سەندیکاى کارمەندانى تەندرووستى. پەیمانگەى تەکنیکى و پیشەیى پیرمام، بە پێویستى دەزانێ لێرەوە سوپاس و پێزانینى خۆى ئاڕاستەى هەموو ئەو لایەنانە بکات، کە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى ئەم کێشەیە، ئەوپەڕى هاوکارییان کرد، بەتایبەت هەریەک لە بەڕێزان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەتایبەتى جەنابى وەزیر "د. ئارام محەممەد"، هەروەها سەندیکای کارمەندانی تەندرووستی و لقى هەولێرى سەندیکا و رێکخراوە جەماوەرى و پیشەییەکان. پیرۆزبایى لە گشت قوتابییان و دەرچووە ئازیزەکانمان دەکەین.









